بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کێشەیەکدا و لەوانەش کێشەی فەلەستین، ناسین و سروشتی کێشەکە گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵکو بە پێشمەرجی گەڵاڵەکردن و خەمڵاندنی  و دیدێکی ڕوون و ڕاست و دەستنیشانکردنی هەڵوێستێکی هاوسەنگ بەرامبەری لەقەڵەم دەدرێت. ئەوەی پێشی دەوترێت کێشەی فەلەستین هاوشێوەی کورد لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەست پێ دەکات. ئەو کاتەی لە چوارچێوەی دابەشکردنی ناوچەکە وەک دەستکەوتی جەنگ بەسەرداگیرکەرە خۆرئاواییە سەرکەوتووەکانی جەنگدا، فەلەستین بەر ئیستیعماری بەریتانیا کەوت، هەر ئەویش لە چوارچێوەی زەمینەسازکردن بۆ پیادە پیادەکردنی بەڵێنی بەلفۆڕ و ڕزگارکردنی ئەورووپا لە کێشەی مێژوویی جوولەکەکان، دۆخەکەی بەرەو ئاقاری دامەزراندنی ئیسرائیل و داگیرکردنی فەلەستین ئاراستە کرد لێرەشەوە جەوهەری کێشەی فەلەستین سیاسییە و پەیوەندی بە پرسی داگیرکاری خاکی گەلێکەوە هەیە، بۆ گرووپێکی ئایینی ئیتنی بێخاک. کە ئەو هەموو دەربەدەرکردن و کوشتن و بڕین و تاوانەی بەوەی ئێستاش لە غەزەدا دەگوزەرێت، لێکەوتەوە.

بۆنی قودس و مزگەوتی ئەقسای پیرۆز، لەگەڵ ڕەمزبوونیاندا لەویژدانی ئیسلامیدا، کێشەکە ناکات بە کێشەیەکی ئایینی، وەک هەندێک کەس و تەنانەت بەرپرسیش لە ناوەندە ئیسلامییەکەی کوردستان بەو جۆرە گوزارشتی لێ دەدەنەوە! بەڵکوو ڕەهەندێکی ئایینی پێ دەبەخشێت، واتە لە سۆنگەی ڕەمزییەتی ئایینی ئەو دوو شوێنەوە، کێشەی فەلەستین، دەبێت بە کێشەیەکی سیاسی کە ڕەهەندێکی ئاینیشی هەیە. نەك کێشەیەکی دینی رەهەندی سیاسی هەبێت. ئەوەندەی پەیوەستیشە بە قودس و مزگەوتی ئەقساوە، رەهەندە ئاینییەکەی کێشەکە لە دوای ساڵی(١٩٦٧)ەوە، بۆی دروست بووە. واتە لەو کاتەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی جەنگی حەو ڕۆژەدا، سەرزەمینێکی زۆری عەرەبەکان و لەوانەش قودسی ڕۆژهەڵاتی دەست بە سەرا گرت. بەڵام پێش ئەوەش ڕەهەندە ئایینییەکە ی کێشەکە بەحوکمی واقیع وکەلەپوور، بە کاڵتر هەر هەبووە،لە  سۆنگەی جوولەکە بوونی داگیرکەرەوە.  دوایەمین لێدوانی بەرپرسانی حەماسیش، لە جەنگی گەرمەی جەنگی ئێستای غەزەدا، جەختیان لەسەر هەمان ناوەڕۆکی سیاسی کێشەکە کردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد: ئێمە واتە فەلەستینییەکان کێشەکەمان سیاسیی و داگیرکردنی خاکە، خاوەنی دۆزێکی ڕەواین و هەر دەوڵەت و هێزێک لە دنیادا بووزی و بتپەرستیش بێت، یارمەتیمان بدات، پێشوازی لێ دەکەین. هەر بۆیە لە بەیاننامە و لێدوانەکانیشیاندا بە نیمچە  بەردەوامیی، دوای دواندنی ویژدانی عەرەبی و ئیسلامی، ویژدانی ئازادیخوازانی جیهانیش دەدوێنن و داوای یارمەتییان لێ دەکەن، کەمیش نەبوون ئەو ئازادی خواز و  ناموسوڵمانانەی لە ڕێپێوانەکان لە گۆشە و کەنارەکانی دنیادا، بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان، بەشداری چالاکیەکانیان کرد. ئەوەش لەو سۆنگەوە کە مەسەلەی فەلەستین بە مەسەلەی بوونی ستەم و نەبوونی دادپەروەری و پێشێلکردنی مافەکان و کەرامەری مرۆڤ دەزانن. مێژووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی زایونیزم و ناسنامەی فیکری و سیاسی زۆرینەی هەرە زۆری نوخبەی فەرمانڕەوای ئیسرائیلیش، لەدوای دامەزراندنییەوە، بۆچوونی سەرەوە و ئەو سروشتەی باسمان کرد، پشتڕاست دەکەنەوە، ئە و یش لە سۆنگەی ئەم. خاڵانەی خوارەوە:

١- هرتزل دەستپێخەر و دامەزرێنەری بزووتنەوەی زایۆنیزم، مرۆڤێکی بێ باوەڕ بوو. تەنها لە دیدێکی بەرژەوەندی نەتەوەیی ڕووتەوە سوودی لە مێژووی ڕەمز و ویژدانی ئایینی جوولەکەکان وەردەگرت.

٢-  لەسەروبەندی بەڵێنی بەلفۆڕو بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی نیشتیمانێ بۆ جوولەکەکان بۆ ئەوەی دەوڵەتی خۆیانی لەسەر دابمەزرێنن، لەپاڵ فەلەستین زۆر شوێنی تری هاوێنەی: هەندێ ناوچەی ڕووسیا ئەرجەنتین و ئەنگۆلا باس و خواسیان دەربارە کرا. واتە فەلەستین تاکە شوێنی بیر لێکراوە و بژاردە نەبوو، ڕەنگە ئەگەر نەشکەوتایەتە ژێر دەستی بەریتانیا پرسەکە بە جۆرێ تر بکەوتایەتەوە .

٣- هەر لە کاتی دامەزراندنییەوە تاکوو ئێستاشی لەگەڵ دابێت زۆرینەی نوخبەی سیاسی و سەربازی دەوڵەتی ئیسرائیل عەلمانی بوون. گەڕانەوەیان بۆ مێژوو ڕەمز و سرووتە ئاینییەکان، ناسنامەگەرایانە و نەتەوەییانە بووە. بە حوکمی ئەوەی ئاین و ناسیۆنالیزمی جوورەکەکان بە جۆرێکی وا بە یەکدا چوون جیاکردنەوەیان هەروا کارێکی ئاسان نییە. سیستەمە سیاسیەکەی ئیسرائیلیش تاکو ئێستا  بەو جۆرە کاری کردووە توندڕەوەدینیەکانیشی لە خۆ گرتووە و خستوونیە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆیەوە . پێشم وایە بەهێزبوونی هێزە دینییەکان لە ئێستای ئیسرائیلدا، بەم جۆرەی کە دەیبینین، لە بەرژەوەندی ئەم دەوڵەتەدا نەبێ، چونکە جگە لەوەی لە هەندێ ڕۆوە کێشە بۆ سوپای دروست دەکەن و ململانێی عیلمانەی دینی لە کۆمەڵگای ئیسرائیلیدا  تۆخ دەکەنەوە.

بەوەش کۆمەڵگا لاواز دەکەن، سیستم و نوخبەی حوکمڕانیش بەرەو توندڕەوی زیاتر دەبەن، بەو جۆرەی ئێستا ش دەیبینین ڕەهەندە ئاینەکەی ململانێکەش تۆختر دەکەنەوە، کە لە ئێستادا شایەتی بەشێ لەوەین   وا چاوەڕێ دەکرێت ولە دوورمەودا، بە زیانی ستراتیژی ئیسرائیل کۆتایی پێبێت.

لەڕووی فەلەستینییەکانیشەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخووازی فەلەستین، تاناوەڕاستی هەشتاکانیش مۆرکی چەپ وعەلمانییەتی بەسەردا زاڵبوو ئێستاش بەشێکی هەربوجۆرەیە، بوونی حەماسجوجیهاد، وەك هێزی دیاری بەرهەڵستکاری فەلەستینی، رەهەندە دینییەکە تۆختر دەکاتەوەو تەوزیفێکی زۆرتری دین لەململانێکەدا دەکرێت، بەڵام تووانای دەستکاریکردنی جەوهەری ململانێکەی نییە، چونکە دەستکاریکردنی جیهانبینییە ئیسلامییەکەو پێوەرە جیهانییەکانیش ئاسان نییە. خۆئەگەر هەوڵی کارێکی لەوجۆرە درا، بەحوکمی خودی پێوەرە ئیسلامییەکە بەلادان لەقەڵەم دەدرێت، چونکە لە ڕوانگەی جیهانبینیە ئیسلامییەکەوە، ناکرێت ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بە ململانێ و جەنگێکی ئایینی  لەقەڵەم بدرێت. یاخود بە زمانی (هەق) و (باتڵ) دەربارەی بدوێین و هەڵوێستی دەربارە وەر بگرین و کەسانی تریش بخەینە ژێر پرسیارەوە، لەبەر ئەوەی بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دۆزەکە دا ناکەن، گەرچی وەك ئاماژەمان پێکرد هەڵگری رەهەندێکی ئاینی وئیسلامیش بێت. ئەوەش لە سۆنگەی چەندین شتەوە، لەوانەش:

یەکەم : لە دیدی ئیسلامییەوە ،هەر وەک (ڕاشد غەنەوشی) ش ئاماژەی پێ کردووە، بە زمانی حەق و باتڵ کە لە بەرە ڕەتدا زمانی عەقیدە و ڕەهاییە، قسە لەسەر مەسەلە سیاسییەکان ناکرێت و هەڵناسەگێندرێن، بەڵکوو بە زمانی بەهاکان بە تایبەتیش دارپەروەری و ستەم و  بەزمانی ئوسوڵیەکان،(مەسالیح و مەفاسید) واتە بوون و نەبوونی بەرژەوەندی و ئەو زیان و خراپەی لە پرسێ دەکەوێتەوە، گوزارشت لە ململانێ و پرسە سیاسیەکان دەدرێتەوە. بەحوکمی ئەوەی هەر پرسێ سیاسەتی تێکەڵاو بوو، واتە مل کەچ بوو بۆ هێز و بەرژەوەندی و توانا و کات و شوێن و سازش و گفتوگۆ و ڕێککەوتن و زۆر شتی تر، دەبێتە  ناکرێت بە زمانی حەق وباتڵ گوزارشتی لێ بدرێتەوە، بەڵکو هەروەك وتمان پێویستە زمانێکی ڕێژەیی و سیاسی و بەرژەوەندیخوازانە و بەهاییانە بە کار بێنین.

دووەم : شتێ بە ناوی جەنگی ئایینی یاخود جەنگی پیرۆز لە جیهانبیننی ئیسلامیدا بوونی نیە. پێش هەموو شتێک خودی وشەی پیرۆز بە واتای موقەددەس، چەمکێکی ئیسلامی ڕەسەن نییە و لە ژێر کارتێکردنی فەرهەنگی مەسیحیەت و عەلمانیەتی نوێ و هەندێ سەرچاوەی عیرفانی مێژووییش پەڕێوەتە ناو فەرهەنگی ئیسلامی نوێوە. ئیسلام لە جیاتی موقەددەس زیاتر بە  (برکە) بەکاردەهێنیت، کە بە کوردی دەبێت بە فەڕو خێر و خۆشی تێکەڵ بە هەندێ بۆن و بەرامەی ڕۆحی وشکۆی مەعنەوی، دوای ئەوە باسکردن لە هەر فۆڕمێکی جەنگی ئایینی لە دیدی ئیسلامیەوە ڕتکراوەیە. بەو مانایەی، جەنگی کۆمەڵێک خەڵک بکرێت لەبەر ئەوەی سەر بە فڵان ئایینن ولەوروانگەشەوە مافی ژیانیان لێبسەنرێتەوە. لەبەرئەوەی یەکەم مۆڵەت پێدانی بەکارهێنانی هێز و چەک لەلایەن پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت و هاوەڵانی، دژبە دوژمنەکانیان.